له‌ گه‌نجینه‌ی هه‌ولێر به‌رتیل ئیشه‌كان به‌ڕێ‌ ده‌كات

به‌هرۆز عه‌لی، سه‌عدوڵا ئیبراهیم خان
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌نجینه‌ی هه‌ولێر، كه‌ ئیشوكاری وه‌زاره‌ته‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ناو هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌ دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، ده‌سته‌ی هاوبه‌ش ئیشی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات‌و ئه‌و پاره‌یه‌ له‌وێ‌ مۆڵه‌تی وه‌رگرتنی ده‌درێت‌و ده‌كرێته‌ «چه‌ك».

به‌شی دووه‌می گه‌نجینه‌ی هه‌ولێر، ئیشوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌بات.
گه‌نجینه‌ 4 ده‌سته‌ی پشكنینی هه‌یه‌، هه‌ر ده‌سته‌یه‌كیش 6 وردبینی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر 3 مانگ جارێك شوێنه‌كانیان ده‌گۆڕدرێن.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك، زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان، له‌ ئاستی وه‌زیره‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان، بڕیارده‌ده‌ن كه‌ به‌ناوی «پاداشت»وه‌، بڕێكی كه‌م له‌ نه‌سریه‌ی خۆیان بده‌نه‌ فه‌رمانبه‌رانی گه‌نجینه‌ی هه‌ولێر، كه‌ ئه‌و پاداشته‌ كه‌ له‌ راستیدا «به‌رتیل»ه‌، به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تی رۆژنامه‌، له‌ كارتێكی مۆبایله‌وه‌یه‌ تا 600 هه‌زار دینار.
حه‌روش عومه‌ر ئه‌سعه‌د، ماوه‌ی 12 ساڵه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی ئه‌ودا ئیشی ئاسایی ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ به‌رتیل‌و دیاری پێبه‌خشین بڕوات به‌ڕێوه‌.
حه‌روش عومه‌ر، دڵنیایه‌ له‌وه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی زۆرباش ئیشی رۆژانه‌یان به‌ڕێوه‌بردووه‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ 12 ساڵه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌یه‌و هه‌تا ئێستا كه‌س نه‌هاتووه‌ بڵێت به‌ به‌رتیل نه‌بێت ئیشم بۆ ناكه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵك هاتووه‌ كه‌ كێشه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كانیدا هه‌بووه‌و پێیان وتووه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌كه‌ته‌. ئه‌و وتی: «ئه‌وه‌ «ره‌فزی قاتعه‌» كه‌ به‌ به‌رتیل ئیش بكرێت».

به‌پێی لێدوانی هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌م راپۆرته‌دا به‌شدارییان كردووه‌، ره‌خنه‌گرتن له‌ كاربه‌ده‌ستان له‌نێو ده‌زگاكانی حكومه‌تدا، یان پێدانی به‌ڵگه‌ی ته‌واو به‌ناوی ئاشكراوه‌، گه‌وره‌ترین موجازه‌فه‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی، نانبڕین یان گواستنه‌وه‌یه‌تی، یان ئیهمالكردنی ره‌خنه‌كه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی رۆژنامه‌ باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی گه‌نجینه‌، ئه‌وه‌نده‌ كێشه‌یان بۆ دروستكردووه‌، جاری وا هه‌بووه‌ تفی له‌و بڕوانامه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌و له‌ڕێی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌. ئه‌و پێچه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ قسه‌ی كرد كه‌ پێی وایه‌ هه‌موو ئیشه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كه‌یدا به‌پێی رێنماییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چن. سه‌رچاوه‌كه‌ وتی: «به‌پێی رێنمایی نییه‌و به‌ زه‌وقی خۆیان ئیش ده‌كه‌ن، هه‌موو ئیشه‌كانت به‌پێی رێنمایی بێت، ئه‌گه‌ر به‌رتیل نه‌ده‌یت، كێشه‌ت بۆ دروستده‌كه‌ن».

له‌ماوه‌ی ئه‌و 4 رۆژه‌ی كه‌ به‌ به‌رده‌وامی خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری بووین بۆ راپۆرته‌كه‌، له‌ 3 سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندین كه‌ هه‌ندێك له‌و وه‌زاره‌ت‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی به‌رتیل ده‌ده‌نه‌ فه‌رمانبه‌رانی گه‌نجینه‌، ئیشوكاره‌كانیان كه‌موكوڕیی تێدایه‌و پاره‌ی زیادیان نووسیوه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌رتیل ده‌ده‌ن تا ئیشه‌كه‌یان جێبه‌جێ‌ بكرێت‌و وردبینی ته‌واوی بۆ نه‌كرێت. یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان باسی ئه‌و (150) هه‌زار دیناره‌ی كرد كه‌ دواجار فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تێك داویه‌تیه‌ گه‌نجینه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌موكوڕیی له‌ حساباتیاندا هه‌بووه‌و ئه‌و پاره‌یان داوه‌ تا لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ نه‌كرێت‌و ئیشه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ هه‌ر واشبووه‌.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی رۆژنامه‌ باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه‌ راسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌كانی به‌شی وردبینی به‌رتیل وه‌رده‌گرن، به‌ڵام تاوانی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌ت‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان كه‌ فێریان كردوون‌و تازه‌ «ئه‌گه‌ر پاره‌ نه‌ده‌یت، سه‌رئێشه‌ت له‌ ئیشه‌كاندا بۆ دروستده‌كه‌ن».

سه‌رچاوه‌كه‌ وه‌سفی خۆی زۆركرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستپاكترین فه‌رمانبه‌ره‌كانی حكومه‌ت، به‌ڵام دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ وه‌ك «دیاری‌»، چه‌ند جارێك كۆمه‌كی فه‌رمانبه‌ره‌كانی گه‌نجینه‌ی كردووه‌، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی ئیشوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی به‌ باشی بڕوات به‌ڕێوه‌. ئه‌و وتی: «حكومه‌تی ئێمه‌ زۆرجار له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و براده‌رایه‌تی ئیشه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات‌و یاساو رێنمایی هه‌موو بۆ هه‌ژاره‌كانه‌، ئه‌و كه‌سه‌ ره‌شوه‌ (به‌رتیل) ده‌دات كه‌ مامه‌ڵه‌كانی ته‌واو نییه‌».

أضف تعليقاً

إملأ الحقول أدناه بالمعلومات المناسبة أو إضغط على إحدى الأيقونات لتسجيل الدخول:

WordPress.com Logo

أنت تعلق بإستخدام حساب WordPress.com. تسجيل خروج   / تغيير )

صورة تويتر

أنت تعلق بإستخدام حساب Twitter. تسجيل خروج   / تغيير )

Facebook photo

أنت تعلق بإستخدام حساب Facebook. تسجيل خروج   / تغيير )

Google+ photo

أنت تعلق بإستخدام حساب Google+. تسجيل خروج   / تغيير )

Connecting to %s

%d مدونون معجبون بهذه: