لیسته‌كانی‌ نێو په‌رله‌مان به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ ناكه‌ن

راپۆرت: موفق محه‌مه‌د – ئیبراهیم عه‌لی

لیستی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ خولی‌ دووه‌می‌ په‌رله‌مان بوو نه‌یتوانی‌ زۆرێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات‌و هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانتارانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ددان به‌ كه‌م‌و كوڕیی خۆیاندا ده‌نێن، پاساویان بریتیه‌ له‌ تێكه‌ڵبوونی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و بوونی‌ فشاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌سه‌ریان، رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیش پێی وایه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ بووه‌و زۆریان ناواقیعین‌و هی‌ ئه‌وه‌ نه‌بوون بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مانه‌وه‌.
له‌كاتی‌ پروپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌ 30 به‌ڵێنیان به‌ ده‌نگده‌راندا كه‌ له‌ سه‌رووی‌ هه‌موویانه‌وه‌ بریتی‌ بوون له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ كوردستان‌و چه‌سپاندنی‌ سنوری‌ جوگرافیی هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌ڵێنی‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئاوو كاره‌با‌و سوته‌مه‌نی‌‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوون بۆ هه‌موو هاوڵاتیان‌و په‌ره‌پێدانی‌ ئازادی‌ بیروڕاو رۆژنامه‌گه‌ری‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ لایه‌نی‌ گه‌شت‌و گوزارو كشتوكاڵ‌و ژینگه‌، هه‌روه‌ها باشتر كردنی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان‌و دابه‌شكردنی‌ عادیلانه‌ی‌ سه‌روه‌تی‌ وڵات به‌سه‌ر هاوڵاتیانداو چه‌ندان به‌ڵێنی‌ دیكه‌.
ئیسماعیل مه‌حمود ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند “له‌ رۆژ هه‌ڵاتدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و له‌ كوردستانیش به‌تایبه‌تی‌ ئه‌زمونێكی‌ زۆر كه‌ممان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ وردی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كانی‌ په‌رله‌مان بكرێت ده‌بینین به‌شێكی‌ زۆری ناواقیعیه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوو بكه‌ین له‌به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا دوو خاڵ یا سێ خاڵ باس ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌زمونمان كه‌مه‌و ده‌مانه‌وێت له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا هه‌مووشته‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پلانی‌ وردمان نیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كان”.
رێكخراوی‌ ئاسك كه‌ رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیه‌و نوسه‌ره‌كیان له‌ شاری‌ هه‌ولێره‌، یه‌كێك له‌ پرۆژه‌كانیان چاودێریكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان هودا زه‌نگه‌نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پرۆژه‌ی‌ چاودێریكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ له‌و رێكخراوه‌ رایگه‌یاند”تا ئێستا هیچ كام له‌ حیزبه‌كان كۆبونه‌وه‌ی‌ به‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ نه‌كرووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بزانن ئایا تا چه‌ند هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌یان داوه‌ به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌نگه‌كانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن”. زه‌نگه‌ پێی وابوو زۆربه‌ی‌ به‌ڵێنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ بوون‌و زۆریان ناواقیعین‌و ته‌نیا دروشمن‌و هیی ئه‌وه‌ نین بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مانه‌وه‌و زۆربه‌ی‌ خاڵه‌كانی‌ ئه‌و سی به‌ڵێنه‌ی‌ لیستی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌ هاوشێوه‌ن‌و له‌یه‌كتر ده‌چن.
په‌رله‌مانتار كوێستان محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی‌ خسته‌روو “په‌رله‌مان كۆمه‌ڵێك یاسای باشی‌ په‌سه‌ند كردووه‌ به‌ڵام به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌‌و حكومه‌ته‌وه‌ یاساكان وه‌كو خۆی‌ جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ كه‌ هاوكاریی‌و ته‌نسیقی‌ نێوان په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست نه‌بووه‌ تا بتوانرێت ته‌واوی‌ یاساكان وه‌كو خۆی‌ جێبه‌جێ بكرێـ”. به‌بروای‌ كوێستان محه‌مه‌د ئه‌گه‌ر ته‌واوی‌ یاساكان به‌ته‌واوی‌ جێبه‌جێ بكرانایه‌ ئه‌وا ده‌توانرا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌شێك له‌ به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ بكرانایه‌ نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ به‌ڵێنه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كردوون.
به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ كه‌ رێكخراوی‌ ئاسك له‌باره‌ی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن بڵاوی‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ كۆی‌ ئه‌و 30 به‌ڵێنه‌ی‌ كه‌ لیستی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌ له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌خه‌ڵكیان داوه‌ توانیویانه‌ ته‌نیا نۆ به‌ڵێن جێبه‌جێ بكه‌ن‌و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ دیكه‌ش تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون.
هودا زه‌نگه‌نه‌ له‌ رێكخراوی‌ ئاسك پێی وایه‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ به‌ڵێنه‌كان ده‌بێته‌ هۆی‌ بێ متمانه‌یی‌و وا ده‌كات كه‌ خه‌ڵك له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێك‌و پێك نه‌چنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان.
به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌ شاری‌ دهۆك ئه‌نجام دراوه‌و بۆچونی‌ 101 كه‌س وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت كه‌ ئایا به‌شداری‌ ئه‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان، 80 كه‌س له‌به‌ر بوونی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌شداری‌ ئه‌كه‌ن له‌ ده‌نگدان، 21 كه‌سیشیان ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌یان تێدانه‌بوو كه‌ به‌شداری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بكه‌ن ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا زۆرینه‌ی‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆیان جێبه‌جێ ناكه‌ن كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن‌و له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵێنی‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن، به‌ڵام دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ كام له‌ به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ ناكرێن.

أضف تعليقاً

إملأ الحقول أدناه بالمعلومات المناسبة أو إضغط على إحدى الأيقونات لتسجيل الدخول:

WordPress.com Logo

أنت تعلق بإستخدام حساب WordPress.com. تسجيل خروج   / تغيير )

صورة تويتر

أنت تعلق بإستخدام حساب Twitter. تسجيل خروج   / تغيير )

Facebook photo

أنت تعلق بإستخدام حساب Facebook. تسجيل خروج   / تغيير )

Google+ photo

أنت تعلق بإستخدام حساب Google+. تسجيل خروج   / تغيير )

Connecting to %s

%d مدونون معجبون بهذه: